"یه‌كێك له‌بنه‌ما سه‌قه‌ته‌كانى ئۆپۆزسیۆن بوون ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسى باشییه‌كانى ده‌سه‌ڵات بكه‌ین"
" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك برِوامان به‌جیاكردنه‌وه‌ى دین نییه له‌ده‌سه‌ڵات"
ده‌بێت مه‌شروب خواردن قه‌ده‌غه بكرێت
دیدارى: رامیار شه‌مێرانى
عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى ء وته‌بێژى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ء ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاماده‌كارى كۆنگره له دیدارێكى تایبه‌تى گۆڤارى هه‌ڵبوون دا، باس له كۆنگره‌ى دووه‌مى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌كات ء ده‌ڵێت :"له‌م قۆناغه‌دا به‌دیلمان نییه بۆ مامۆستا عه‌لى باپیر"، ئه‌و به‌توندى دژى جیاكردنه‌وه‌ى دینه له ده‌سه‌ڵات ء جارێكى تر ئه‌وه دووباره ده‌كاته‌وه كه پێویسته مه‌شروب خواردنه‌وه قه‌ده‌غه بكرێت.
عه‌بدولستار مه‌جید له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا كه، برِیار بوو 1/7/ 2010 كۆنگره‌ى دووه‌م ببه‌ستن، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا 15 رۆژ دوایانخست، كه ئایا ئه‌مه نابێته مه‌ترسى دواكه‌وتنى كۆنگره‌ى ئێوه‌ش وه‌ك حزبه‌كانى تر، ده‌ڵێت :"سه‌ره‌تا به‌ناوى خودا، بۆ دواكه‌وتنى كۆنگره‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ته‌نها هۆیه‌ك هه‌بوو، ئه‌ویش به‌هۆى تاقیكردنه‌وه‌ى قوتابیانى زانكۆ بوو، ئێمه‌ش رێژه‌یه‌كى زۆر له قوتابیان ء مامۆستایان ئه‌ندامى كۆنفرانسه ناوچه‌ییه‌كانى كۆمه‌ڵن، ئێمه گرنگییه‌كى تایبه‌تمان داوه به كۆنفرانسه ناوچه‌ییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى مامۆستایان ء قوتابیان به‌شدارى بكه‌ن، كۆنگره‌مان بۆ 15 رۆژ دواخست، برِوا ناكه‌م كۆنگره له‌وه زیاتر دوابكه‌وێت ء له‌كاتى خۆیدا كۆنگره ده‌به‌ستین".
گۆرِانكاری له‌نێو حزبه‌كان و به‌تایبه‌تیش له كۆنگره‌كانیاندا بۆته مۆدێلێكی سه‌رده‌م و له هه‌مانكاتیش پێویستییه‌كی ئه‌م قۆناغه‌یه، له كۆنگره‌ى دوودا كۆمه‌ڵی ئیسلامی چى ده‌گۆرِێت؟
وته‌بێژه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌م باره‌وه وتی :"گۆرِانكارى پێش كۆنگره برِیارى لێ نادرێت، به‌ڵكو له‌كۆنگره و ئه‌ندامانى كۆنگره برِیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، جیاوازى كۆنگره‌ى دوو له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ى یه‌ك، زیاتر له‌و رووه‌وه ده‌بێت ئه‌وكات كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌قۆناغێك بوو، ئێستا له‌قۆناغێكى تره، كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌هه‌لومه‌رجێكى تایبه‌تیدابوون، تازه مامۆستا عه‌لى باپیر و هاوه‌ڵانى ئازاد كرابوون، وورده وورده بارودۆخ ئاسایى ده‌بوه‌وه، بۆیه جیاوازى ده‌بێت له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ى پێشوو، كۆنگره‌ش بۆبه‌خۆداچونه‌وه‌یه، گۆرانكارییه‌كان له‌په‌یرِه‌وى ناوخۆ‌و، هه‌روه‌ها دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵى ئیسلامى، لێك جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئێمه پێشنیارى ئه‌وه‌شمان كردووه ئه‌نجومه‌نێكى شورا هه‌بێت، بۆ وه‌زیر و په‌رله‌مانتاره‌كانى ئێستا و پێشوش، ئه‌مانه زیاتر ئیشیان به‌دواداچونى بریاره‌كانى كۆنگره بێت، گۆرِانكارییه‌كى ترمان له پلانى ستراتیژى ده‌بێت، گۆرِانكارییه‌كى له رووى داراییه‌وه ده‌بێت، چونكه قه‌یرانێكى دارایى كاریگه‌رى كردووه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵى ئیسلامى، گۆرانكارییه‌كى تر له‌سه‌ر كردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامی‌دا ده‌كرێت.
هه‌ڵبوون: هیچ مه‌ترسى ئینشیقاقتان نیه له‌كۆنگره؟ وه‌ك ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش له‌گه‌رمیان كێشه‌تان هه‌بوو؟
عه‌بدولستار مه‌جید: هه‌ندىَ هه‌واڵ و ده‌نگوباس و مه‌سه‌له باسده‌كرێت له رۆژنامه و گۆڤاره‌كان هیچ ده‌نگوباسێكى نییه له‌لاى ئێمه، ئێمه كێشه‌ى كوتله‌گه‌رایى و ئه‌فكارى جیامان نییه، به‌ڵام وه‌ك هه‌موو حزبه‌كانى تر ئێمه‌ش كێشه‌مان هه‌یه، ئێمه كێشه‌ى فكریمان نییه تابڵێین ئینشیقاق ده‌بێت، ده‌رباره‌ى ئه‌و مه‌سه‌له‌ى گه‌رمیانیش كێشه‌یه‌ك بوو ده‌رباره‌ى دوو رِاى جیاواز، ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تى خزمه‌تكردنى كارى ئیسلامى له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، هه‌ریه‌كه‌یان بیرورِاى خۆیان پێ باشتر بووه، له ئه‌نجامدا جۆرێك له‌كێشه روویدا، به‌ڵام چاره‌سه‌رمان كرد، هه‌مویان به‌شدارى كۆنگره ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبوون: ئایا كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت به تقوسه دینیه‌كانه‌وه ده‌توانێت ببێت به‌ئه‌ندامى كۆمه‌ڵى ئیسلامى؟
عه‌بدولستار مه‌جید: به‌پێى په‌یرِه‌وى كۆمه‌ڵى ئیسلامى جێى نابێته‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت كه‌سێكى مه‌سیحیش بێت هه‌وادار و دۆستى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بێت، بۆ ئافره‌تى سفوریش جێى ده‌بێته‌وه، به‌و مه‌رجه‌ى ئاماده‌ى هه‌بێت پابه‌ند بێت به په‌یرِه‌وى كۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌وه، من رام وایه جێى ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر رِاستیشت ده‌وێت هه‌تا ئێستا وه‌ك بابه‌تێكى ره‌سمى باسى ئافره‌تى سفورمان نه‌كردووه.
هه‌ڵبوون: پێتان وایه له كۆنگره‌ى دوو ئه‌مه ببێته باسێك؟
عه‌بدولستار مه‌جید: من پێم وایه زۆر شت له كۆنگره‌ى دوودا ده‌بێته جێگه‌ى باس، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر سبه‌ینىَ كۆمه‌ڵى ئیسلامى حكومه‌تى گرته ده‌ست له كوردستان، ده‌بێت له‌و چوارچێوه‌یه چوبێته ده‌ره‌وه كه ته‌نها گوىَ به ئه‌ندامه‌كانى خۆى بدات، به‌ڵكو كۆمه‌ڵ حكومه‌تایه‌تى ده‌كات، حكومه‌تى خه‌ڵكى موسوڵمان و غه‌یره موسوڵمانیشه، كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌بێت به یه‌ك چاو سه‌یرى هه‌مووان بكات له رووى ماف و ئه‌ركه‌وه، بۆیه پێویسته كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌م رووانگه‌وه كۆمه‌ڵى ئیسلامى كرانه‌وه‌ى زیاترى هه‌بێت، پرۆژه‌شى هه‌بێت، من رام وایه با ئافره‌تێكى سفور ئه‌ندامى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بێت، به‌ڵام با ئه‌و خوشكه‌مان پابه‌ند بێت، هه‌وڵبده‌ین قه‌ناعه‌تى پێبكه‌ین.
هه‌ڵبوون: مامۆستا عه‌لى باپیر له دیدارێكى رۆژنامه‌وانیدا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرینه ده‌ست، مه‌شروبخانه‌كان ناهێڵین، ئایا ئه‌مه ته‌نها راى ئه‌وه؟ یان ئێوه‌ش هه‌مان راتان هه‌یه؟
عه‌بدولستار مه‌جید: هه‌ندىَ مه‌سه‌له هه‌یه راى شه‌خس نییه، راى دینه، شه‌ریعه‌ت عه‌ره‌ق خواردنى به حه‌رام زانیوه، ماده‌م مه‌شروب حه‌رام بێت، بێگومان نابێت هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندىَ مه‌سائیلى حه‌رام و حه‌ڵاڵ له‌و بابه‌تانه‌ن كه زۆر دره‌نگ قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
هه‌ڵبوون: واته ئه‌توانین بڵێین له ئێستادا زووه بۆ كۆمه‌ڵى ئیسلامى؟
عه‌بدولستار مه‌جید: یه‌كجار زووه، كارى یه‌كه‌مى كۆمه‌ڵ و حكومه‌تى ئیسلامى شتێكه، هه‌ندىَ كار ده‌كه‌وێته سه‌ره‌تاوه و هه‌ندێكى ده‌كه‌وێته كۆتاییه‌وه.
هه‌ڵبوون: دره‌نگ قسه‌كردن له داخستنى مه‌شروبخانه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌سه‌ڵاتى نییه؟ یان هۆكاره‌كه‌ى چیه؟
عه‌بدولستار مه‌جید: نا ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت یان نه‌مان بێت مه‌شروب خواردن به حه‌رام ده‌زانین، ده‌بێت قه‌ده‌غه بكرێت، بۆنمونه ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ئه‌گه‌ر ئیسلامى نه‌بێت نا‌توانیت مه‌شروبى لێ قه‌ده‌غه‌بكرێت.
هه‌ڵبوون: له‌دواى كۆنفرانسى یه‌كگرتوو زۆر باس له‌مه‌سه‌له‌ى ده‌عوه و سیاسه‌ت ده‌كرێت، راى ئێوه له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چۆنه؟
عه‌بدولستار مه‌جید: مه‌سه‌له‌ى سیاسه‌ت و ده‌عواء یاسایى و كۆمه‌ڵایه‌تى هیچیان جیا نین، به‌ڵام لێره‌دا ده‌كه‌وێته ده‌ست ئه‌و حزب و كۆمه‌ڵگایه‌ى كه سیاسه‌ت یان ده‌عوا ده‌كات، با حزب بۆ ئه‌وه نه‌بێت كه‌ده‌عوه بكات، منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بكات، مه‌سه‌له‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندى به‌دین و شه‌ریعه‌ته‌وه هه‌بێت ده‌بێت به‌بىَ به‌رامبه‌ر بۆ خه‌ڵك بكرێت.
هه‌ڵبوون: تێروانینى ئێوه چیه له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ى دین له ده‌سه‌ڵات؟
عه‌بدولستار مه‌جید: ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك برِوامان به‌جیاكردنه‌وه‌ى دین له‌ده‌سه‌ڵات نیه، پێمان وایه ئه‌وكاته زیانى گه‌وره ده‌كه‌ین كه‌ده‌سه‌ڵات دینى نه‌بێت، ئه‌وكاته ده‌سه‌ڵات لار نارِوات و سته‌م ناكات، خه‌ڵك به‌رامبه‌رى راناوه‌ستنه‌وه.
هه‌ڵبوون: پێتان وایه له كۆنگره‌ى دوو پۆسته‌كانى ئه‌میر و پێشه‌وا گۆرانكارى به‌سه‌ردا بێت؟
عه‌بدولستار مه‌جید: ئێمه هیچ به‌ندێكى په‌یرِه‌وى ناوخۆمان نیه، هیچ برِیارێكى سه‌ركردایه‌تیمان نیه، پۆستێك به بڤه بزانێت، پۆستى پێشه‌وا و پۆستى ئه‌میر ئه‌و پۆستانه‌ن به ده‌نگدان ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت، هه‌ركه‌س ئازاده خۆى هه‌ڵده‌بژێرێت.
هه‌ڵبوون: پێت وایه له‌كۆنگره‌دا به‌دیل بۆ مامۆستا عه‌لى باپیر دروست ببێت؟
عه‌بدولستار مه‌جید: له‌و رووه‌وه مامۆستا عه‌لى باپیر له‌و كه‌سانه‌یه كه كاندید ده‌كرێنه‌وه بۆ پۆستى ئه‌میر، كاندید كردنه‌وه بۆ هه‌ر پۆستێك مافه، ئه‌و كه‌سه مافى خۆیه‌تى خۆى كاندید بكات، جه‌نابى مامۆستا عه‌لى باپیر یان هه‌ركه‌سێكى تر كه به زۆرینه‌ى ره‌ها ته‌كلیفیان لێ‌كرد له رووى شه‌رعیه‌وه ده‌بێت به واجب، پێم وانیه له‌م قۆناغه‌دا به‌دیل هه‌بێت بۆ مامۆستا عه‌لى باپیر، هه‌ركه‌سیش خۆى هه‌ڵده‌بژێرێت ده‌رگا كراوه‌یه.
هه‌ڵبوون: تاچه‌ند رازین له ئۆپۆزسیۆن بوونى خۆتان؟ ره‌وشى ئۆپۆزسیۆن چۆن هه‌لده‌سه‌نگێنن له په‌رله‌مانى كوردستان؟
عه‌بدولستار مه‌جید: سه‌ره‌تا ئۆپۆزسیۆن ده‌ورێكى گرنگى گێرِاوه له هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكدا، هه‌روه‌ها بووه‌ته هۆى به ئاگاهاتنه‌وه‌ى حكومه‌ت و په‌نجه‌دانان له‌سه‌ر كه‌موكورِییه‌كان، هه‌روه‌ها گه‌یاندنى نارِه‌زاى خه‌ڵك به‌ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت هه‌ریه‌كه له ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن خه‌له‌لیان هه‌یه، ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵى ئیسلامى كاتێك له حكومه‌ت به‌شداربین به‌و تێرِوانینه تایبه‌ته‌ى خۆمان به‌شدارین، به‌وه‌ى كه ناكرێت حكومه‌ت هه‌رچى كرد به‌باشى بزانین، ئه‌وكاته‌شى ئۆپۆزسیۆنین به چاكه‌كان ده‌ڵێین چاك و به كه‌موكورِییه‌كانیش ده‌ڵێین كه‌موكورِى، ئێمه وه‌ك ئۆپۆزسیۆن دان به باشییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتدا ده‌نێین و جارجاریش باسى باشیه‌كانى ده‌كه‌ین، له هه‌مانكاتدا باسى كه‌موكورِییه‌كانیش ده‌كه‌ین، گرنگ ئه‌وه‌یه حكومه‌ت كارى باش بكات، گرنگ ئه‌وه نییه كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌و كاره بكات، بۆیه من پێم وایه یه‌كێك له‌بنه‌ما سه‌قه‌ته‌كانى ئۆپۆزسیۆن بوون ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسى باشیه‌كانى ده‌سه‌ڵات بكه‌ین، خواش ده‌فه‌رموێت كارى خه‌ڵكى به‌كه‌م ته‌ماشا مه‌كه‌ن، با رق لێبونه‌وه‌تان نه‌بێته هۆى دادگه‌ر نه‌بوونتان، بۆیه ئه‌وه سیاسه‌تى ئێمه‌یه، بۆیه له‌م رووه‌وه خه‌تا له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆن و حكومه‌تیشه‌وه هه‌یه، چونكه حكومه‌ت به چاوى گێره‌شێوێنه‌وه سه‌یرى ئۆپۆزسیۆن ده‌كات، ئۆپۆزسیۆنیش به‌چاوى ره‌شه‌وه سه‌یرى حكومه‌ت ده‌كات.