شۆرِش ئه‌نوه‌ر
جیهانی ئه‌مرِۆ رووبه‌رِووی چه‌ندین گرفتی جۆراوجۆر بۆته‌وه كه مرۆڤه‌كانی تووشی كێشه‌ی هه‌مه چه‌شن كردۆته‌وه. به جۆرێك كه ئیتر وه‌كو هه‌رِه‌شه‌ش راسته‌قینه لێیان ده‌رِوانرێت و ده‌ستكراوه به قسه‌كردنی جددی له هه‌مبه‌ریان وه‌ك گرفتی ژینگه و پیسبوونی ژینگه و چه‌كه كۆمه‌ڵكوژه‌كان و شه‌رِه ماڵوێرانكه‌ره‌كان، هه‌ژاری و ئه‌و گرفته‌ئابووری و داراییانه‌ی كه به تایبه‌تی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا شێوه‌یه‌كی جیهانییان وه‌رگرت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئه‌مجاره‌دا به تایبه‌تی جێگای قسه‌له‌سه‌ر كردن و لێكۆڵینه‌وه‌یه، بریتییه له گرفتی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه و دیارده‌ی هه‌ژاری و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری له وڵاتانی ئه‌وروپی به تایبه‌تیش له ئه‌وروپای خۆراوادا.
به گوێره‌ی راپرسییه‌كی په‌یمانگای راپرسیی ئه‌وروپی، "یۆرۆبارۆمه‌تر" له 70%ی هاووڵاتیانی ئه‌وروپا باوه‌رِیان وایه له ساڵی رابردوودا رووبه‌ری هه‌ژاری له وڵاته‌كه‌یاندا فراوان بووه‌ته‌وه. له راپرسییه‌كه‌دا به‌شداربووان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكیان داوه‌ته‌وه له پێشیشیانه‌وه: ئه‌وروپییه‌كان چۆن له هه‌ژاری ده‌رِوانن به تایبه‌تیش له دوای په‌یرانی ئابووری و ده‌ستپێكردنی كاركردن به چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به سیاسه‌تی سك هه‌ڵگوشین له چه‌ندین وڵات له‌وانه یۆنان و ئیسپانیا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ش؟ راپرسییه‌كه 25600 هاووڵاتیی له كۆی وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كگرتووی ئه‌وروپای گرتۆته‌وه، سه‌باره‌ت به‌و شوێنه‌واره كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ش كه ئه‌و قه‌یرانه دارایی و ئابوورییانه دروستیان كردووه ئه‌وروپییه‌كان ره‌شبینن، به تایبه‌تیش له‌وه‌ی په‌یوه‌سته به زیادبوونی دیارده‌ی هه‌ژارییه‌كه‌وه، كه به رێژه‌یه‌كی سه‌رنجرِاكێش به‌رزبۆته‌وه، به تایبه‌تیش له هه‌ر یه‌ك له یۆنان و فه‌رِه‌نسا و بولگاریا و رۆمانیا و ئیتالیا. راپرسییه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه كه 49%ی ئه‌وروپییه‌كان وای ده‌بینن كه ئه‌گه‌ر هاتوو له كاره‌كه‌ی ئێستایاندا ده‌ركران هیچ ئه‌گه‌رێك له ئارادا نییه كه له ماوه‌یه‌كی كورتدا، ده‌رفه‌تێكی تری كاركردنیان ده‌ست بكه‌وێته‌وه و، له 30%ی به‌شداربووانیش دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه زه‌حمه‌تی زۆر ده‌بینن له به‌رگه‌گرتنی مه‌سروفاته ته‌ندرووستییه‌كاندا، یان تێچوونی چاوه‌دێریكردنی منداڵه‌كانیان، به تایبه‌تیش له دوای چێژكردنی تامی تاڵی ئه‌و قه‌یرانه ئابووری و داراییه‌ی ئێستا. به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی لاسلۆ ئه‌ندرۆی كۆمیساری ئه‌وروپی و سه‌رپه‌رشتیاری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا، هاووڵاتییه ئه‌وروپییه‌كان باوه‌رِیان وایه به‌هۆی قه‌یرانه ئابووری و داراییه‌كه‌وه رێژه‌كانی هه‌ژاری زیادیان كردووه، به شێوه‌یه‌ك له 60%ی به‌شداربووه‌كان وای ده‌بینن كه رێژه‌ی هه‌ژاری له ناوچه‌كانیان زیادی كردووه، له هه‌مان كاتیش‌دا له 75%ی به‌شداربووه‌كان وای مه‌زه‌نده ده‌كه‌ن كه هه‌ژارییه‌كه هه‌ر له خودی وڵاته‌كه‌شیان له شێوه‌یه‌كی گشتی زیادی كردوووه، كۆمیساره‌كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له برۆكسێل كه تێیدا رلپۆرته‌كه‌ی خسته روو، ئاماژه‌شی دا به‌وه‌یكه كێشه‌ی هه‌ژاری به ركابه‌رێكی راسته‌قینه داده‌نرێت كه رووبه‌رِووی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌بێته‌وه، دووپاتیشی كرده‌وه كه قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی ئێستا به‌شداره له ئاڵۆزكردنی بارودۆخه‌كه، ئاماژه‌شی به‌وه كرد كه هه‌ستی ره‌شبینی له هه‌مبه‌ر ژیانی كرداره‌كییان زیادی كردووه، به جۆرێك له 18%یان متمانه‌یان به ئه‌گه‌ری ئه‌وه نییه كه تا ساڵی ئاینده له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان ده‌مێننه‌وه یان یان، له هه‌مان كاتیش‌دا زۆربه‌یان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه دوای ئه‌وه‌ی له كاره‌كه‌یان ده‌رده‌كرێن كاری دیكه‌یان ده‌ست ناكه‌وێته‌وه.
سه‌باره‌ت به مووچه‌ی خانه‌نشینش له 20%ی به‌شداربووان ترسی خۆیانیان له كه‌میی مووچه‌ی خانه‌نشینان ده‌ربرِیوه و، وای ده‌بینن كه له ماوه‌ی ساڵانی پیریه‌تییاندا ژیانیان شپرزه ده‌بێت و خراپ ده‌بێت.
مانویل بارسۆی سه‌رۆكی كۆمیساریای یه‌كێتیی ره‌وروپاش گوتی: قه‌ڵاچۆكردنی هه‌ژاری و په‌راوێزخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێكی چاره‌سه‌رییه‌كانی ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌ی ئێستا پێك ده‌هێنن، بارسیۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه كۆمیساریاكه‌یان سووره له‌سه‌ر ئه‌وی كه سود له ئه‌م ساڵه وه‌رگرن بۆ هاندان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك له مه‌رِ گرفته‌كانی هه‌ژاری و پێدانی پاڵنانێكی تری نوێ بۆ ئه‌و كرده و چالاكییه ئه‌وروپیانه‌ی كه له پێناوی سه‌رخستنی بواره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌درێن.
كۆمیساریای ئه‌وروپی ئه‌م ساڵی 2010یه‌ی ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاكییه‌كی جۆراوجۆر و چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی هۆشیاركردنه‌وه‌ی له چه‌ندین له‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپان كه تێیدا داوا ده‌كرێت كار‌و هاریكاریی نێوان سه‌رجه‌می هاوبه‌شداره‌كان له ده‌سه‌ڵاتداره ناوخۆیی و حكومی و رێكخراوه ئه‌هلی و كۆمپانیاكان چالاك بكرێن به مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی رێژه‌ی هه‌ژاری و هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی هه‌ژاری و شوێنه‌واره‌كانی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانه‌وه.
لێكۆڵینه‌وه ئه‌وروپییه‌كانی ئه‌و دواییانه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه 80 ملیۆن هاووڵاتیی ئه‌وروپی كه نزیكه‌ی رێژه‌ی 17%ی دانیشتووانه له خوار هێڵی هه‌ژارییه‌وه ده‌ژین.
هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌كان دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه كه له 89%ی دانیشتوانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا وای ده‌بینن كه پێویشته له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه هه‌نگاوی به په‌له بگرنه به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هه‌ژاری و شوێنه‌واره‌كانی له وڵاته‌كانیاندا و، له 74%ی هاووڵاتییه ئه‌وروپییه‌كانیش چاوه‌رِوانی رێوشوێنی دیاریكراون له دامه‌زراوه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی دیارده‌ی هه‌ژاری ئه‌و كێشه‌یه به شێوه‌یه‌كی بنه‌رِه‌تی ئه‌ركی حكومه‌ته ناوخۆییه‌كانیانه.